Komkar EU
کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە ئەوروپا

ئەمریکا: ناوەندی رەوەندی کوردستانی دەڤەری واشنگتن دامەزرا

 بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی راستەوخۆی مستەر کورد، نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمەریکاو کەنەدا، ناوەندی ڕەوەندی كوردستانی دەڤەری واشنگتن بەسەركەوتوویی پێکهات.

سەرەتای كۆبونەوەکە بە مارشی سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای رزگا کوردستان دەستی پێكرد.

دواتر رەحیم رەشیدی بە ناوی کۆنفێدراسیۆن بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد. ئەوجار بەرێز تریفە عەزیز نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا سەبارەت بە بایەخ و کاریگەری رەوەندی کوردستانی لە ئەمریکاو کەنەدا قسەی کردو لەم پێوەندییەدا وێرای بەرزنرخاندنی چالاکییەکانی کۆنفیدراسیۆن پشتیوانی تەواوی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کارو چالاکی رەوەند دەربڕی.

لە بەشێکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکەدا سروە سەلیمی و جانا دەمیجەر وەکوو دوو خوێندکاری زانکۆ لەسەر گرینگی بەشداری گەنجان قسەیان کرد.

دواتر رەحیم رەشیدی وێرای سوپاس و بەخێرهاتنی ئامادەبووان بە گشتیی، سپاسی تایبەتی لە ئامادەبوونی دیپلۆماتی کورد مەریوان فەتاحی، د. یەریڤان سەعید لێکۆڵەرو مامۆستای زانکۆ کرد. لە بڕگەیەکی دیکەدا مستەر کورد سپاسی ئامادەبوونی هونەرمەندان مونیر عاشق هونەرمەندی عێراقی، فایەق عەبوڵاهی و هەمزە خانەقینی هونەرمەندانی کوردستانی دەڤەرەکە کرد کە بەردەوام بە دەنگە بەسۆزەکەیان رازێنەرەوەی کۆڕو کۆبوونەوەی رەوەندن.

هەروەها نوێنەری کۆنفیدراسیۆن کارو پرۆژەکانی رێکخراوی خێرخوزی هیڤی بەرزنرخاند لەم پێوەندییەدا رۆڵی هەمزە سەلیم دامەزرێنەری ئەو ناوەندەی بەرز نرخاند.

لە بڕگەیەکی دیکەدا نوێنەری کۆنفیدراسیۆن سەبارەت بە بەرنامەو پڕۆژە نەتەوەییەکانی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لەسەر ئاستی جیهان بەگشتیی، ئەمەریکای باکوور بە تایبەتی قسەی بۆ ئامادەبووان کردو بایەخی ئەو هەنگاوەی لە گۆشە نیگای جیاوازەوە شیکردەوەو رایگەیاند کۆنفدراسیۆن بە ئامانجی کۆکردنەوەی کوردستانیان و یەکخستنی هێزو تواناکان لە پێناو خزمەت بە کوردستان دامەزراوەو موڵکی هەموو کوردێکی دڵسۆزو نیشتمانپەروەرەو لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتی تێدەکۆشی و چەتری کۆکەرەوەی هەموو کوردستانیەکی دڵسۆزو خەمخۆرە.

مستەر کورد بە پێداگیرییەوە باسی لەوەکرد ناوەندی رەوەندی کوردستانی، وەک ناوەندێکی چڤاکی سەربەخۆ خزمەتی دۆزی کوردستان دەکات، هاوکات ناوەندەکە هەوڵ دەدا کۆکەرەوەی زۆرترین رێژەی کوردستانیان بێت، لەم بوارەدا بە بەرنامەی زانستی و سەردەمیانە تێدەکۆشێ تا رەوەندەکەمان بەشێوەیەکی ئەمرۆیی کەڵک لە بوارو دەرفەتە یاساییەکانی وڵاتانانی ئەمەریکاو کەنەدا وەربگرێت.

نوێنەری كۆنفدراسیۆن لە بەشێکی دیکە قسەکانی دا باسی لەوە کرد ،کەلەسەر نەوەكانی دووهەم و سێهەم و دواتری كوردستانی لە دەرەوە كار دەكەن و هەوڵ دەدەن کوردستانیان پتر لە ناوەندی و گرێچنی سیستەمی وڵاتانی رۆژئاوایی دا جێگای خۆیان بکەنەوە تاکوو لەم رێگاوە باشترو بەربڵاوتر پشتوانی زۆرتر بۆ دۆزی ڕەوای کوردستان دەستەبەربکەن. رەشیدی لە ناوەرۆکی قسەکانی دا بە وردی پەرژایە سەر ئەو راستییە کە کۆنفیدراسیۆن بایەخێکی تایبەت بە لاوەکان دەدا.

ئەوجار لە کەشوهەوایەکی ئازادو دیمۆکراتیکدا ئامادەبووان دیدو پێشنیارو رەخنەکانی خۆیان هێنایە بەرباس و لە بڕگەیەکی دیکەدا نوێنەری کۆنفدراسیۆن بەرێزەوە وەڵامی رەخنەکانی دایەوەو سپاسی دڵسۆزی و پشتیوانی کوردستانیانی لە کاروچالاکییەکانی کۆنفیدراسیۆن کرد.

لە دوایین بڕگەدا لێژنەیەکی ٥ کەسی بۆ سەرپەرەشتی کردنی هەڵبژاردن دیاری کران و ئینجا بە رەزامەندی سەرجەم ئامادەبووان لە هەڵبژاردنێکی ئازادو دیمۆکراتیدا هەر یەکە لە:

 

١.  ئۆمێد کەرکووکی

٢. ئەندازیار رەزا مەعبەدی

٣. جانا دەمیجەر

٤. سروە سەلیمی

٥. هێما عەسکەری

٦. سەنگەر ئاکرەیی

٧. ئەحمەدشێخۆ

بە ئەندامی سەرەکی و د.شاکیر عەلی و جەمشید سندی بە ئەندامی جێگر هەڵبژێردان.

لە یەکەمین کۆبوونەوەی دەستەی هەڵژێردراودا ئومێد کەرکووکی بە سەرۆک و ئەندازیار رەزا مەعبەدی بە جێگری سەرۆکی ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە دەڤەری واشنگتن هەڵبژێردران

Ev malper cookies bikar tîne da ku ezmûna xwe baştir bike. Em ê texmîn bikin ku hûn bi wê re baş in, lê hûn heke hûn bixwazin dikarin bidin aliyekî. Qebûl kirin